هەڵبژاردن
لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
922 بینین
ئینتیخاباتە عەزیزم، مەوسمی ئازادییە
ڕۆژی سەربەستیی وڵات و بەزم و جۆشی شادییە
میری جاڕی دا کە ئیتر کۆتی دیلی لابرا
گەل بەمە مەسروورە، بۆچی؟ مافی ئازادی درا
گەل بە ئاوات بوو، بە دڵ پێشوازیی گەرمی خۆی نوان
نێر و مێ، گەورە و بچووک، خان و مەلا، شوان و سەپان
جاڕ درا: کێ ڕائەبینێ، کێ ئەچێتە پەرلەمان
فەرموو خۆی تەرشیح بکا بۆ خزمەتی هاونیشتمان
ئەوزەمانە ڕۆی [کە] نائیب مەرجە خاوەن پارە بێ
لاوی دڵسۆزی هەژاریش جەرگی پارەپارە بێ
شادی باڵی خۆی درێژ کرد، ها وڵاتی گرتەوە
با بزانین کێ بوو سەرکەوت، گۆی لە مەیدان بردەوە
[لاوی کوردی نیشتمانی: مارف و نووری و بلە]
چەندەها ڕۆڵەی تریش ئامادە بوون بۆ ئەم پلە
کاتێ تەئمیناتی قانوونی، تەواو تەسلیم کرا
ڕێ دران و بەندی چاودێری لە سەریان لابرا
قۆڵ بە قۆڵ، دەستە بە دەستە، خەڵقی شار و دێنشین
هەڵبژاردنیان تەواو کرد، دەم بە خەندە و پێکەنین
حەزرەتی پاشا کە زانی نوێنەری گەل دەرچووە
تووڕە بوو، چاوی زەقۆ کرد، چونکە کۆستی کەوتووە
ئەمری دەرکرد بۆ قەڵاچۆ، شورتە ئاڵۆزانە گەل
دەس نەپاراستن لە گرتن، لاو و پیر و کوێر و شەل
نوێنەری شەرعی لە کونجی بەندیخانە توند کران
تاقمێکی هەرچی پەرچیی دوژمنی گەل دانران
با بڕووخێ ئەم نیزامە بۆگەنە فاشیستییە
پشتیوانی گەل، برایی و یەکیەتی و سەربەستییە