کوشتوبڕ

لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  515 بینین
سەرلەنوێ وا مەکینەی ئەفساد
کەوتە ئیش، یەعنی دەستی ئیستیبداد
سەرلەنوێ نۆکەرانی ئیستیعمار
قاپیەوانانی مەرکەزی دۆلار
سەرلەنوێ چنگی ڕەجعییەی غەددار
سوور کراوە بە خوێن کچانی هەژار
سەرلەنوێ تەختی گەندەڵی تاران
هاتەوە کایە بۆ ئەجەل باران
چەندە زیندانی سەختی پڕ ئەندێش
بوونە مەڵبەندی چینی زەحمەتکێش
بیری ڕۆشن، خەڵاتی لێدانە
نیشتەجێی کونجی تاری زیندانە
لاوی ئازادیخوا ئەناڵێنێ
کەی بێ تۆڵەی وڵاتی بستێنێ!؟
موعتەقەل لیپ و بەندیخانە پڕە
پیاوی زانا تەوژمی فیکری، سڕە
سەربەسەر ئەم وڵاتە خوێناوە
شەربەتی شادی، مەرگ و زووخاوە
شەق وەشاندن شیعاری قانوونە
فیکری میللی، زەبوون و مەفتوونە
جوان و پیر لە ژیان هەراسانە
دەک بە لەحنەت بێ حوکمی شاهانە
هەر لەسەر ئەمری حەزرەتی دۆلار
لاوەکانمان کران بە عیبرەتی شار
چیت نەکرد ئەی دۆلار و ئیستەرلین!؟
خوێنڕژانن کرا بە پەیڕەوی ژین
چیت نەکرد ئەی گرۆی خیانەتکار
بە سەراسەر وڵات و خەڵکی هەژار!؟
گوێ گرە پێت ئەڵێم کە ئەم خاکە
گۆڕی تەیموور و قەبری زوحاکە
کۆمەڵان هێزی تۆڵە پێک دێنن
حوکمی دۆلار و شا ئەڕووخێنن