ترسنۆکی دوژمن
دەمەتەقێی «ن» و «س»
لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
728 بینین
لەبارەی جووڵانەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کوردەوە لە کوردستانی ئێراندا
س:
پاشا مەرحەبا! چۆنە ئەحواڵت!؟
چۆنە تەگبیر و پیلانی ساڵت!؟
بۆچی عاجزی؟ بۆ دۆش داماوی!؟
خەریک پیلانی کام لێقەوماوی!؟
ن:
ئەفەندم قوربان، لێمان قەوماوە
لە ڕووت بەدوور بێ، حاڵمان شێواوە
عەبدی هەردووکمان کوردی سەرشێواو
ناوی ئازادی ئەخەنە ناو ناو
کێ بێ حاجەتی ماڵمان بشۆرێ!؟
سەد ساڵ دەریکەین، ئەو هەر نەتۆرێ!
بە نانەسکی کارەکەرمان بێ
بە شەو و بە ڕۆژ بارەبەرمان بێ
س:
پاشا مەترسە! تۆ لەسەرخۆ بە
تازە نوێنەریان چۆتە بادکۆبە
نوێنەری کوردان خان و ئاغایە
باسی ئازادیی لا کا و بایە
کورد هەتا ئاغا و خانی تیا مابێ
خاترت جەم بێ کە بە هیچ نابێ
ن:
هەی قوڕ بە سەرمان، کورد وا ئەناسی
وام زانی زرنگی، کەچی زۆر کاسی
هەتا هەژارێ ئەچێتە مەیدان
هەزاران ئاغا ئەبێ بە قوربان
س:
بیری پێ مەدە، پاشا مەترسە
ئازادیی کوردان لە من بپرسە
ئەوەن بزانە کاکی ئیستیعمار
خۆی خستە ناویان بە چار و ناچار
بڕبڕی کردن هەر یەک لە لایێ
هەر یەکە بۆ خۆی بوو بە کوێخایێ
تا مامە ئینگلیز، مامی خۆمان بێ
ترست نە لە کورد، نە لە گۆران بێ
ن:
ئەفەندم ئێستە کوردت نەدیوە
کوردان ئینگلیزیان زۆر باش ناسیوە
قسەی کاپیتان لەگەڵ وەڕەی دێڵ
هیچ فەرقی نییە لە دێهات و خێڵ
سەد ساڵ سیر بخوا، یان زوڕنا لێدا
کەس گوێی ناداتێ لە شار و دێدا