گۆزەڵەی کوردستان

لە کتێبی:
سروەی بەربەیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  458 بینین
قانع بە ڕێبواری ئەدا بە لای پیرەژنێکی گۆزەکەردا. گۆزەڵەیەکی نیوەوشک و نیوەتەڕی بەرچاو دەکەوێت. بە نووکە چەقۆیەک ئەم دوو دێرە شێعرەی خوارەوە لە گۆزەڵەکە هەڵدەکەنێت. لە پاش سوورکردنەوەی گۆزەڵەکە، بە دیاری دەینێرێت بۆ بەڕێز هادی چاوشلی کە مدیر ناحیەی پێنجوێنشوێن بوو. ئەویش گۆزەڵەکەی ئەوەندە بە لاوە بەنرخ دەبێت لە سەر مێزی فەرمانگەکەی دایئەنێت. دەستەیەک لە ئەدەبپەروەرانی شاری سلێمانی لەگەڵ مامۆستا پیرەمێرددا دەچن بۆ هاوینەهەواری چوارباخی پێنجوێن، لەوێش زیارەتی مامۆستا هادی مدیر ناحیە دەکەن و چاویان بە گۆزەڵەکە دەکەوێت. لێی دەپرسن ئەم گۆزەڵەیەت لە کوێ بوو؟ بەڕێزیشان لە وەرامدا دەڵێت: قانع بۆی ناردووم. کە گەڕانەوە هەریەکەیان بە نامەیەک داوای گۆزەڵەیەک لە قانع دەکەن. قانعیش بەو سێ دێڕە شێعری خوارەوە وەرامیان دەداتەوە:
شێعری سەر گۆزەڵەکە:
ئاوی گۆزەڵەی خاکی کوردستان
خۆشترە لە ئاو سەرچاوەی لوبنان
کوردە بە یادی دەوری کەریم خان
بنۆشە قوم قوم بەفراوی کوێستان
وەرامی داواکاران:
نە خاوەن کارگە و نە هەوڕگەرم
نازانم پەنا بۆ لای کێ بەرم
گۆزەڵەی ئاوی ئەم کوردستانە
زادەی ئەفکاری پیرەژنانە
ببوورن، بە خوا گۆزەڵەم نییە
ئەرنا بۆ ئێوە قیمەتی چییە
قانع دیوانێکی خۆی بۆ گەورە پیاوێکی کوردپەروەر ئەنێرێت ئەم دوو دێرە شێعرەی لەسەر زەرفەکە دەنووسێت.
دیاری خوداپێداو زێڕە یان زیوە
دیاری من شێعری خوا بڕیوە
با وەجوود قوربان حەزرەت سولێمان
کوللەی قبوڵ کرد لە مێروولەکان