سروودی بخوێنن
لە کتێبی:
سروەی بەربەیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
727 بینین
حەیفە بۆ لاوی زیرەک پشت نەدەنە پشتی یەک
گەر عیلم نەدەن بە چەک، دەبنە خوێڕیی کۆڵانان
بەرەو خوێندن ماندوو نابن
بخوێنن بخوێنن
دەسا با کێو و دەشتی ڕەنگینی وەک بەهەشتی
ئەم وڵاتە بە گشتی خۆش بێت بە عیلم و عیرفان
بەرەو خوێندن ماندوو نابن
بخوێنن بخوێنن
تاڤگەی بووری ئاوی هاژەی چەم و خوڕاوی
دەڵێن ڕۆڵە گەر لاوی، بە مەردە کردەوەی جوان
بەرەو خوێندن ماندوو نابن
بخوێنن بخوێنن
لاوان نەوەی کیبارن پڕ هێز و پڕ دەمارن
گەر هی لادێ یا شارن، هەموو هیوان بۆ کوردان
بەرەو خوێندن ماندوو نابن
بخوێنن بخوێنن
ئێمە هیوا و ئاواتین، ئێمە بەرەی خەباتین
ئێمە فیدای وڵاتین، بژی کورد و کوردستان
بەرەو خوێندن ماندوو نابن
بخوێنن بخوێنن