لە بەختی من
لە کتێبی:
سروەی بەربەیان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
2 خولەک
1312 بینین
لە بەختی من مەلایەک هاتە گوفتار
جنێوی زۆری نارد بۆ ساحێب ئەشعار
وتی یا شێخ بە تۆ چی زەرب و تەقسیم!؟
چ لازم زانینی باتمان و خەروار!؟
قسەی جۆگرافییاکان هەر درۆیە
ئەمە سیحرە ئەڵێن پێی کەسری ئەعشار
ئەگەر عیلمت ئەوێ، مردوو بشۆرە
چلۆن شۆرینێ! وەک شۆرینی مردار
لەسەر چیخێ لە پێشا ڕایبکێشە
ئەبێ ڕاست ڕایبکێشی میسلی ڕەشمار
ئەبێ کێری بە هەردوو دەس بدۆشی
وەکوو بزنێ کە بیدۆشێ تەمەعکار
بە هێواشی دەست بێنی بە سکیا
هەتا دەردا ئەوی خواردوویە پێرار
لە پاش شۆرینی چڵم و گوو و گمێزی
هەڵیسێنیتۆ، هەر وەک ورچی سەردار
لە ساحێب مردوو ئەو وەختە بسێنە
لە حەققوزەحمەدا یەک ڕوبعە دینار
وەهایە نانی مەردانە کە فەرمووم
دەخیل ئەم وەسیەتە نەیخەیتە پێوار
وتم حەیوانی لایەعلەم بفامە
چلۆنە سونعیاتی چەرخی دەووار
لە پێشا واجبە تەعلیمی دینی
لە قورئان و حەدیس و شەرع و ئاسار
ئەوەی ئەمرە بە جێی بێنە تەواوی
ئەوەی نەهیە، نەکەی هەرگیز بە ڕەفتار
بزانە مردن و میعاد حەققن
ئەمە مەعلوومە ڕاستە جەننەت و نار
بە پێی ئەعمالی خۆت ئەدرێ جەزای تۆ
بە میزانا ئەکێشن جەمعی کردار
لە چاکە چاک و بەد بەد دێتەوە ڕێت
بە قەد یەک زەڕڕە ون نابێ لە ڕەفتار
لە پاش زانینی ئەمر و واجباتت
بزانە چۆنە وەزعی چەرخی دەووار
لە چی پەیدا دەبێت هەوری بەهاری؟
لە چی نەشئەت ئەکا نێرگس لە گوڵزار؟
ئەبێ ئینسان بەئاگا بێت لە عالەم
لە چی تەشکیل دەبێت بەفراوی کۆسار؟
لەبەر چی بەفر پان و تەرزە گردە؟
چییە نەعرەی سەواعیق دێ لە ئەقتار؟
لە زستانا لەبەر چی سارد و سەختە؟
لە هاوینا لەبەر چی گەرمە وەک نار؟
درەخت بۆچی بەهاران بەرگی سەوزە؟
لە پاییزدا ئەمێنێ ڕووت و بێبار
کەرە چوارپێ! ئەبێ تۆ شارەزا بیت
لە حاڵی ئەمریکایی و چین و تاتار
لە چییەوە وەرئەگرێ گاز کاربۆن؟
چلۆن تەرفیع ئەکات میللەت بە کردار؟
بە چی ئاوا ئەبێ خاکی وەتەنمان؟
بە چی دێهات بنەخشێنین وەکوو شار؟
سکووتت لازمە لەم بەزمە قانعناسناوی ئەدەبی
نەوا دەورت بدەن یارانی خونخوار