یەسەنین

لە کتێبی:
لە غوربەتا
بەرهەمی:
محەممەد عومەر عوسمان (1957-2019)
 2 خولەک  1552 بینین
ڕێبوارێ بووم و
هەورێ نەگریا بەسەر باڵاما..
تۆزی غەریبی بەرگی بەرم بوو
ڕێبوارێ بووم و
هەورێ نەگریا بەسەر باڵاما
سەرابێکی دوور ڕێی سەفەرم بوو
***
کەوتمە دوای تیشکی دووچاوی شۆخێ..
دڵم هەڵوەری لەلەپی دەستیا..
بووم بە گەڵایەک لەناو شەپۆل و
گێژاوی هەستیا
***
کە هاتیشمە شار ئەستێرەی بەختم..
لە تەم و مژا ڕۆیی ئاوا بوو
دنیای هەستی من بوو بە کەلاوە..
تا ڕۆژانێ بوو بەهەشتی خوا بوو
***
ئای.. چەند سەرم کرد بە مەیخانەدا..
تا شەوەکانم بێتەوە بە ڕۆژ
تا سەرابی دڵ.. لە سای هەورێکا..
تیا داکا نمەی بارانێکی سۆز
***
ویستم مەست بم و
لە سەرخۆشییا..
خەوی مناڵیم بگەڕێتەوە
ویستم بکەومە بەزم و گۆرانی
نەمزانی تەم و هەوری زامی من..
لەپێکی مەیدا ناڕەوێتەوە
***
ئەفسوس سەد ئەفسوس ئەوەی شێتی بووم..
لەجیاتی ئەوەی خۆڵەمێشی دڵ..
لە کۆشی گەرمیا گڕ بگرێتەوە..
بگەشێتەوە لەناو پەرچەم و ئەگریجەی لولا
دای بەدەم «با»وە..
ئێستاش بەو زام و ئازارانەوە..
ئەتلێتەوە لە گەردەلولا
***
لۆمەی من مەکەن..
ئێوە ئەوانەی لە ژووری گەرما..
لە پشت پەنجەرەی داخراوەوە..
سەیری ئاسمانی باوبۆران ئەکەن
ئەو ساتانەش کە دەرگای ژوورەکەم..
بەڕووی «با» و بەفرا توند پێوەداوە
«با» لەناو خوێنما هەڵی کردووە..
لە شەختە و زوقما پەلم کوتاوە
***
دەمەو ئێواران.. خۆر ساردە..
دڵی دڵدارانیش تەنگ
خۆر خۆی سەر ئەبڕێ..
دنیا ئەبێتە گۆمێک خوێنی مەنگ
لۆمەی من مەکەن.. بەر لە ڕۆچوونم
خۆم کوشت کە زانیم..
خۆرێکم نزیک لە ئاوابوونم
بەڵام بەر لەوەی پەپوولەی ڕۆحم..
گڕی مۆمی مەرگ بەر با لە گیانی
ئاگرم لەسەر بەفر کردەوە و
گەروم لێوڕێژی بەستەی گۆرانیی