قانع و کەرەکەی

لە کتێبی:
گوڵاڵەی مەریوان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 2 خولەک  2622 بینین
کەرێکم بوو چ کەر؟ وەک با و بۆران
کەرێکم بوو چ کەر؟ بارکێشی دەوران
کەرێکم بوو چ کەر؟ چەشنی سەیارە
کەرێکم بوو چ کەر؟ وەک شێری مەیدان
کەری نووحی نەبی، باپیری ئەم بوو
لەگەڵ گوێدرێژی عیسا، خاڵ و خوارزان
بە لاشە بەرز و زک ئەستوور و سەر زل
کەفەڵ گورج و پەراسوو چیخ و گوێ پان
شەقاودار و دوو شانە بەرز و مل قنج
کلک شۆڕ و سپی تووک و قەوی دان
لە کەوشی سم هەتا لاری ڕەفیسگەی
خەتێکی موسستەقیم بە کەسر و نوقسان
شەوێ پێم وت: چلۆنی یاری دێرین؟
ئەوا سەرما بزووت، دەستم بە دامان
ئیتر زستان و کاتی دار کێشانە
وەکوو ساڵانی پێشوو بێرە جەولان
نە نانم هەس، نە شەکرم هەس، نە چایی
نە بەرگی خۆم و ژینی باقی خێزان
هەموو، هەر چاوەڕوانی هیمەتی تۆین
بنرکێنە بە بارۆ و بێیتە مەیدان
وەڵامی کەرە شین:
وتی: قانع! ئەسەف بۆ بێ حەیاییت
حەیا زۆر خۆشە بۆ پیاوی بەویژدان
بە کام جێ؟ کام گەوڕ؟ کام ناڵ و بزمار
بە کام ڕەشوە و جل و جلبەند و کورتان؟
ئەمە چل ساڵە من بارکێشی ئێوەم
بە خەو نەمدی جەواڵی ئاڵف و دان!
وەسای ناڵبەندی من، وەک تەیری عەنقا
نەبینراوە، لە ڕووی دەورانی دەوران
بە ئەو ناڵە قەسەم، نەتدا لە ژێر پێم
بە ئەو جۆیە قەسەم، نەمنایە ژێر دان!
قەسەم بەو گازە نەمدیوە بە عومرم
بە ئەو چەکوشە، کە نەمدی مەر لە لێدان
ئەبێ خێرم نەبێ غەیری زەڕە زەڕ
ئەگەر وردیشی کەی ئەعزام بە گۆچان