بیست ساڵەی هەژاری
لە کتێبی:
ئاڵەکۆک
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
3 خولەک
1435 بینین
بیست ساڵان لە ژێر چەنگاڵی عەجەم
ناڵاندم بە سەد دەردو هەمم و غەم
کێوی بەختمان دایگرتبوو تەم
کەس یارای نەبوو بێژێ ئەمن هەم
ڕووس نەجاتی دام بوو بە فریشتەم
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵان کز و بێکەس و بێدەر
گوزەرانم کرد بە خوێنی جگەر
دین و ژیانم لە دەس چووبووە دەر
کورد بوو دەناڵی لە قەسری قەجەر
ڕزگاری کردم بەیرەقی ئەحمەر
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵ پێم نەکرا نەفەس بکێشم
ئاگام بڕابوو لە قەوم و خوێشم
نەدەکرا بدوێم لەگەڵ هاوڕێشم
قۆرتی نەگبەتی دەهاتە پێشم
ڕووس بوو بە مەڵحەم بۆ زام و ئێشم
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵان لەبەر زوڵم و زۆری زۆر
دەرگای شادیمان لێکرا بوو مۆر
دڵ پڕ لە زام و جگەر پڕ ناسۆر
جەفا و بێڕوحمی دەرچوو بوو لە شۆر
تا ستارەی سوور هەڵات وەکوو خۆر
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵ دوور خراین لە نیعمەت و ناز
موکری لە شیراز شکاک لە ئەهواز
گۆشتی بەدەنیان دەپچڕین بە گاز
ڕووس بۆی پێک هێنام ئاوات و ئاواز
بەیداخی ڕەحمەت کەوتە ئیهتزاز
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
حوکمی پەهلەوی و سیخورمی مەئموور
کوردی دەپێکا لە نزیک و دوور
خوێنیان دەمژتین بە سەد چەشن و جوور
چەند هەزار ماڵی کورد کرا خاپوور
ڕەحمەت بوو بۆمان کە هات سوپای سوور
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
زیندانی قەسر دەخمە بوو بۆ کورد
ڕاماڵیان دەداین درشت هەتا ورد
لە سەر برینمان دەکرا دەس و برد
کەلاک و لەشیان دەکردین وە پرد
پەنجەی ئیستالین ئێمەی ڕزگار کرد
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
لە ساڵی یەکڕا هەتا وەرزی بیست
مژی خوێنی مە ئێرانی فاشیست
فەوتانی مە بوو ئامانج و پێویست
مرا هەرچی بوو برا هەست و نیست
لێی دەفع کردم حیزبی کمۆنیست
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
بیست ساڵی تەواو کوردی چارەڕەش
بە دەس دەوڵەت بوون لە گیان بێبەش
دێوی بەدبەختی گرتبوونیە باوەش
هەر کورد دەکوژرا و دایک سەربەهەش
موژدەی خۆشی بوو ئاڵای سوور و گەش
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
کوردە پێت خۆشە نەبی ڕەنجەڕۆ
لە ڕێی ئازادی تۆش نەبی کوڵۆ
دەجاڵت نەوێ بە فێڵە و دەهۆ
کارت پێی نەبێ سانفراسیسکۆ
خۆڵی وەسەر کە لە دەرکی موسکۆ
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس
کوردە پێت خۆشە بژی سەربەخۆ
پەنا بە بۆ ڕووس ئیتر خەم مەخۆ
سەعیی و کۆششت ناچێ بە فیڕۆ
هەر بەو ساز دەبێ خودموختاری تۆ
ڕووس وەک خەڵکی نین بۆت بڵێن درۆ
بژی ئیستالین خۆش بێ چەکچ و داس
لەژێر ئیستبداد کوردی کرد خەڵاس