ئاڵای کوردستان
لە کتێبی:
ئاڵەکۆک
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
2 خولەک
3571 بینین
بێ ببینێ ئەو کەسەی پێی وابوو کورد سەر ناکەوێ
کێ بوو پێی وابوو تەمی نەگبەت لە سەرمان ناڕەوێ
داری ئاڵاکەم وەکوو چقڵێکە بۆ چاوی عەدوو
هەر دڵێ خۆشی نەوێ ڕەببی وەبەر خەنجەر کەوێ
داری ئاڵام داری کرد بۆ خوێنمژی کوردی هەژار
پێی بڵێن با داکەوێ لەو خاک و خۆڵە چی دەوێ
داری ئاڵاکەم برا، سێدارەیە بۆ دوژمنان
هەر لە ئاسو سەر کەوێ پێویستە ژینی خۆی نەوێ
پارچەکەی سێ ڕەنگی خۆی دەنوێنێ؛ ڕەنگی سوور دەڵێ
تا تنۆکێ خوێنی کورد مابێ قەدی من نانەوێ
یان دەڵێ لێم سوورە دێموکڕاسی لە عالەم سەرکەوێ
موستەبید و مورتەجیع کەوتوونە گێژی گێژەوێ
سپیەکەی موژدەی بەیانی بەختی کوردی کرد بەیان
ڕۆژی بەختی کوردە پەیدا بوو نەما پەردەی شەوێ
دوو گوڵی گەنمی دەڵێ ئاگات لە ڕزقی خۆت ببێ
خۆت کە برسی بۆ چی دوژمن پێی بژی لێرە و لەوێ
پێت دەڵێ نووکی قەڵەم گەر ژینی خۆشت پێدەوێ
غەیری من دەس ناکەوێ بۆ ڕێی تەرەقی پێشرەوێ
ڕەنگی سەوزی یانی دایکی نیشتمان لەورۆکەوە
جوان و سەر سەوزە وەگیری کەوتووە عومری نەوێ
لاوەکان نامووسی نۆ ملیۆنە ئەو ئاڵایەمان
گیان بدەن بۆ حیفزی ئەو نامووسەتان لە منو کەوێ
ڕەببی هەر کەس دوژمنی ئەو میللەتە دڵ پاکەیە
ژێر کەوێ کۆستی کەوێ ڕەببی سەعاتێک نەسرەوێ