غەزەل

لە کتێبی:
ئاڵەکۆک
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  2212 بینین
ئەرێ ئەی کیژە کوردەی چاوکەژاڵە
ئەرێ ئەی شۆخ و شەنگەی چاردەساڵە
ئەتۆ خۆت کورد و خوێنی لاوی کوردان
بە تورکی چاوی مەستت کرد حەواڵە
بە خوێنی مەی دەدەی ئاوی مژۆڵت
بژانگت بۆ چی سەر نێزەی کەماڵە؟
ڕنووی سەر ئاگرین لاجانگ و کوڵمت
لە خوێنی نەوجەوانان دا شەڵاڵە
بڵێی ئێران و عاڕەب بێ، دڵی تۆ
کە لێی تەئسیرێ ناکا ئاهـ و ناڵە
مەگەر چاڵی چەنەت زیندانی قەسرە؟
کە ڕزگار بوونی ئێمەی لێ مەحاڵە
تەنافی زوڵفت ئاوێزانی باڵات
نەمانی هاونەژادانت خەیاڵە
ڕوحت بردم بە قەندی لێوەکانت
دەزانی کورد بە قەند وێرانەماڵە
قەباڵەی ئاشقیم زۆر موعتەبەر بوو
چ قەوما چاوم ئەمڕۆ پێت بەتاڵە
لە ئاهـ و ئەشکی بێچاران حەزەرکە
وەئەستۆ مەگرە چیدی ئەو وەباڵە
مەگەر ترست نییە دەستی زەمانە
وەڕێت بێنێتەوە ئەم ژینە تاڵە
کوڕی شێران و ئەفسەح بووم بە دەس تۆ
هەژارناسناوی ئەدەبیێکم زمانم لەنگ و لاڵە