بۆ زاری کرمانجی

لە کتێبی:
دیوانی شێخ نووری
بەرهەمی:
شێخ نووری شێخ ساڵح (1896-1958)
 1 خولەک  856 بینین
سەبا؟ ئەم دیارییەم بۆ خاکپای «زاری کرمانجە»
لە «نووری» نا، لە مۆری توحفە، بۆ خزمەت سلێمانە
«ڕواندزشوێن» بەختیارە، قابیلە فەخری وڵاتێ بێ
کە چونکە مەرکەزی نەشری فیوزی عیلم و عیرفانە
جەریدەی «زاری کرمانجی» ڕەفیقی «ژیانڕۆژنامەی ژیان»ە بۆ میللەت
کەسێ زاری نەبێ، بێ زارە، ئیشی زار و گریانە
لە دەستی خوێندەوارانا، ئەگەرچی ئەمڕۆ بێ قەدری
سبەینێ هەر ستوونێکت وەسییەت خوانی عومرانە
بە ئەنگوستی تەجەسوس، ڕووپەڕەی زەرد هەڵگەڕاوی تۆ
ئەپشکنرێ کە چونکە مەرکەزی ئەسراری کوردانە
وەکوو میرئاتی زەی ئیدراکی، بۆ مازی و ئیستیقبال
مەعانیی جوملەکانت کەنزی لایوفنای عیرفانە
ئەمینداری خەفایای حەیاتی حازرەی ئەمڕۆی
سبەینێ یەک بەیەک ئەیدەیتەوە بەو نەوجوانانە
بەهێز و قووەتی خۆت بانگ ئەدەی بۆ نوێژی سبحەینێ
چریکەی تۆیە وا گوێم لێیە دێ، لەو شاخ و داخانە
ئەڵێ ئیتر شەوی غەفڵەت نەما، ڕۆژی سەعادەت هات
کە عومرێکە هەموو ئانێکی، دەرسی زلل و خوسرانە