بە تۆ
لە کتێبی:
چەپکێ گوڵ و خونچە
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
1 خولەک
420 بینین
تاجی جوانی بەخشرا بە تۆ
تەختی شای شۆخان وا درا بە تۆ
ترووسکەی ئومێد کە کوژابۆوە
چلچرای شادی هەڵکرا بە تۆ
ئێستا واڵایە ڕێبازی ژیان
کە قاپیی نەگبەت داخرا بە تۆ
قەڵەمی قودرەت مەگەر بینووسێ
ئەو ڕاز و باسەی نووسرا بە تۆ
باری غەم کە وا گران بوو بە دڵ
بە دەستی ڕەحمەت لابرا بە تۆ
لانەی بایەقوش لەناو گوڵشەنا
کەس پێی نەوێرا بەسترا بە تۆ
ڕازی پەنهانی دڵ و دڵداری
وا گشتی کرا ئاشکرا بە تۆ
درووشمی ئاڵای بەرزی دڵداری
بە دەستی هیممەت هەڵکرا بە تۆ
لەناو عالەمی زۆر و ستەمدا
تاجی سەربەستی سەندرا بە تۆ