گەر بەیازی عارزت دەرخەی

لە کتێبی:
باخچەی کوردستان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  675 بینین
تا شوعاعی کوڵمی سوورت دەرکەوێ شەسپەڕ چییە؟
یا لە بەینی دوگمەوە سینەت ببێ مەڕمەڕ چییە؟
غەمزە بازی ئاسکەکەی دەرگانەکەت گەڕوو بدا
تازە ئەسپی هاڵەدار و یا ئوڵاخی لەڕ چییە؟
پەرچەمی بۆ عەنبەری زوڵفت ئەگەر زاهیر ببێ
نەرگسی بێ بەرگ و ڕووت و سۆسەنی بێ فەڕ چییە؟
شاهبازی چاوی مەستت چنگ بخاتە سەید دڵ
مژگرە یا کوندە بوو یاخۆ شەهێنی گەڕ چییە؟
گەر بەیازی عارزت دەرخەی لە ژێر چارشێوی ڕەش
بەفری کوێستانی چ جلوە تەرزە لوکەی تەڕ چییە؟
وەختێ عاشق مەستی دەردی دڵ ئەبێ باکی نییە
تازە بەدگۆیی ڕەقیب و فتنەیی بێ گەڕ چییە؟
قانعیناسناوی ئەدەبی گەر بێ جەماڵی دڵبەری خۆی دەس کەوێ
پووڵە سوورەی بێ ڕەواج و درهەمی بێ زەڕ چییە؟