لە سەرمایە لە سەرمایە لە سەرما شور و غەوغایە

لە کتێبی:
چوارباخی پێنجوێن
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  864 بینین
لە سەرمایە لە سەرمایە لە سەرما شور و غەوغایە
لە گەرمانا ئەگەر ماپێم بڵێن پیاوێکی ڕیسوایە
تەبیعەت حوکم ئەکا مەجنوون ئەبێ هەر دەس بە ئەژنۆ بێ
ئەگەر لەیلێی ببێ ئەمجا ئیتر بۆ شێت و شەیدایە؟
لەهەر خاکێ کەڕ و کوێر و بەڵەک لابەی لە ناوانا
ئیتر ئەو خاکە کەی هەرگیز پەرۆشی بۆ مەسێحایە؟
بڵێین یادی بەخێر بێ حاتەمی تەی سفرەکەی لابا
کە برسی تێر بکەن ئەمجا خەیاڵی چی لەدڵدایە؟
ئەبێ یۆسف گەلێ مەمنوونی قانوونی غەرامی بێ
کە ئایێنەی جوانی ئەو دڵی شۆخی زوڵێخایە؟
وەیا کوێخا ئەگەر شوان و سەپان و پینەچی دەرکا
لە دێکەیدا ئیتر لای کێ ڕەئیس و مامە کوێخایە؟
بە سەربەستی مەترسە پێ لە دەریای قوڵی بێ پەی نێ
ئەگەرنا خۆ لەگەڵتا ڕاس ئەکا دڵپاک و ئاشنایە