مانگ و کوردستان

لە کتێبی:
دیوانی عوسمان عوزێری
بەرهەمی:
عوسمان عوزێری (1936-1966)
 1 خولەک  707 بینین
ئەی مانگ تۆ بی و گەورەییی یەزدان
تو شەوقی جوانی و گۆنا بێگەردان
تو شێوەی جوانیت کە لەسەر کەلی
ڕوون ئەکەیتەوە دڵی پڕدەردان
وا ئێستا بەرامبەرم ئەدرەوشێی
لەسەر کام جێگای لە ناوچەی کوردان؟
کام ڕێگات کردووە بە ڕێ ڕەوتی خۆت
کام جێ یارتە لە شوێن و هەردان؟
کەوا لە شەوقی چواردەییت ئەخا
ئەتهێنێتە ڕیز لاواز و زەردان
گشت ڕۆژێ بەرەو کەمی ئەنوێنی
هەتا وێڵ ئەبی وێنەی سەرگەردان
بە وێنەی دەزوو باریک ئەبی ڕووت
چاو ئەگێڕن بۆت لەجێی بڵندان
کەس بەدیت ناکات چونکە تواوەی
نەتماوە شەوقی گڕ لە دڵ بەردان
ئەویش دیارییە وێنەیەکی جوان
لە کوردستان شوێنی نەبەردان
وەها خستوێتی بەبێ پەلوپۆ
ئەوساش بەتەمای بچیەوە سەردان