ئەدەم بە با داخەکەم

لە کتێبی:
ئاشنایی و ڕۆشنایی
بەرهەمی:
عەلی عارف ئاغا (1910-1996)
 1 خولەک  482 بینین
ئەی کچۆڵەی جوان و شیرین با بە با دەم داخەکەم
ببمە قوربانت لەبۆم ئامادە کە پەرداخەکەم
لەم ژیانە، لەم جیهانە شادییە ئامانجی من
هەر لەسەر ئەم هەستە پاکە هەڵئەدەم بەیداخەکەم
دەستی من گیانە بنێرە ناو دەستی نەرم و شلت
با لە ناو دڵ یا دەروونا دەربەدەر بێ ئاخەکەم
من بە بێ ڕووی تۆ ژیانم نەرخ و ڕێزێکی نییە
بۆ هیوای پڕ شادمانی تۆی گوڵی ناو باخەکەم
وا بە ناو دەشتی هەژاریدا ئەڕۆم سەودا سەرم
جا لەسەر فەرمانی دڵ من ڕوو بە لووتکەی شاخەکەم