دەوران چەپۆکت دا لە ژیانم

کاتێ کە ماڵی لە دەشتۆ ئەگوازێتەوە شار
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  530 بینین
دەوران چەپۆکت دا لە ژیانم
تازەت کردەوە کۆنە زامانم
دەوران تۆ بۆ چی لێم کەوتیە سەر قار
خەوو خواردنمت کردە ژەهری مار
دەوران تۆ بۆ چی وا لێت شێوانم
بۆچ ئاگرت بەردا دڵەی بوریانم
دەوران چەن بەناز بەخێوت کردم
لە عاقیبەتدا چۆن ئابڕووت بردم
دەوران عەزیز بووم لە ناو خزم و کەس
دائیم ئەگەڕام بە شادی و هەوەس
دات لە دەماخم ئەی چەرخی ڕۆژگار
هەواڵەت کردم بۆ کووچەی شار
بێ شوێن و جێگە بێ ئاوو بێ نان
دڵم پڕ لە دەرد حاڵم پەرێشان
پەک کەوتەی کۆمەڵ بێ پەڕ و باڵم
یاخوا هیچ کەسێک نەبێ بە حاڵم
برکەیێ خێزان برسی و ڕەش و ڕووت
سەر و پێ پەتی وەکوو مەلکەمووت
داوتە بە سەرما دەوران من چی بکەم
شکات ئەحواڵ خۆم بۆ لای کێ ببەم
ئەوەی ئامیرە خاوەن ئیش و کار
لە ڕاست بەختی من ئەڕوانێ بە قار
ڕەبی ڕجامە لە دەرگەی ڕەحمەت
ڕزگارم بکەی لە بەحری میحنەت
دەلیلی بە خێر ڕەوانە کەی بۆم
من عەبدی هەژار بە ئاستانەی تۆم
لوتفیناسناوی ئەدەبی چاوەڕێ ڕەحمی خودا کە
لەمەودوا ئیتر ڕوو لە مەولا کە