بۆ چی خەمباری ڕەحمی خوا زۆرە

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 2 خولەک  624 بینین
بۆ چی خەمباری ڕەحمی خوا زۆرە
بۆچ وا پەشێوی دائیم بەم جۆرە
بۆ چی ئەوەندە تۆ بێ ئارامی
بۆج ژیانت وا پڕ لە ناکامی
بۆ چی هەمیشە لە خۆت بێزاری
بۆچ پەراگەندەی کووچە و بازاڕی
بۆ چی ئاشناتە جەوری زەمانە
بۆچ خەمی دونیات گشت لەسەر شانە
بۆ چی گیرۆدەی باری گرانی
بۆچ هەر تۆ لە ناو دەردی دەورانی
بۆ چی ئەسیری ناو دەرد و بەڵای
بۆچ وا ئارەزووی مەینەتی دونیای
بۆ چی کەنەفتی چەرخی ڕۆژگاری
بۆچ وا بێ بەشی سەیری گوڵزاری
بۆ چی گیرۆدەی چنگی دەورانی
بۆ چی هەتا کەی خانە وێرانی
بۆ چی لە بزە و خەندەی یار دووری
بۆ چی موبتەلای کاری زەرووری
بۆ چی زەلیلی ژێرباری خەمی
بۆ چی بەم جۆرە کز و ماتەمی
بۆ چی بێ جێگەی وەک بەردی سەر ڕێ
بۆ چی هەر ڕۆژێ گیرۆدەی دەردێ
بۆ چی ئیقبالت بەم چەشنە چەوتە
بۆ چی ئەم عومرە بەم هەشت و حەوتە
بۆچ پەیدا نابێ دەرمانی زامت
بۆچ نەهاتە بەرداری مەرامت
بۆ چی ڕوخسارت دای پۆشی مەینەت
بۆچ جارێ دەستت نەگەیی فرسەت
بۆچ ڕەنگت زەردە وەک گەڵای پایز
بۆ چی بێ نازی وەک لالۆ بایز
بۆ چی ستارەی بەختت ئاوا بوو
بۆچ دەناڵێنی بە تەنیا هەر توو
لوتفیناسناوی ئەدەبی بەم جۆرە بۆ پەرێشانی
لە تەقدیری خوا بۆ دڵ گرانی