گیانە بوهارە بوهاری شادە

لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
 1 خولەک  351 بینین
گیانە بوهارە بوهاری شادە
قەومی کورد ئیمرۆ زۆر نامرادە
گەشتی ناو گوڵزارە سەیران و خۆشی
بە یادی خەفەت هەمووی داپۆشی
لە جێگەی بەرگی ئاڵ و سوور و زەرد
خوێنی کوردانە تێکەڵ شاخ و هەرد
لە جیاتی شایی و سوحبەت و سەیران
دەنگی باوکەڕۆ و شیوەن و گریان
چەم و دار و شاخ لە شین و زارن
بۆکزی کوردان زۆر بێ قەرارن
عالەم گشت خەریک شایی و سەیرانە
کوردیش ئاوارەی دەشت و کێوانە
ئاگری غەزەب لە هەر چوار کنار
دائیم ئەبارێ وەک سەیلی بوهار
ئەی خودا ڕەحمی لە کوردی فەقیر
ڕزگاری بکەی لە کۆت و زنجیر
مەحروم و بێبەش لە خۆشی ژیان
ناڵەی دەروونی دەگاتە ئاسمان
زۆر پەرێشانە بێ وەزع و بێ حاڵ
وەک تەیری وایە نێو داوی منداڵ
لوتفیناسناوی ئەدەبی بە تەنها هەر توو لە زاری
بۆ کزی وەتەن زۆر بێ قەراری