ئەی دڵ هەتا کەی مات و زویری
لە کتێبی:
دیوانی لوتفی
بەرهەمی:
لوتفی (1905-1989)
1 خولەک
525 بینین
ئەی دڵ هەتا کەی مات و زویری
هەتا کەی حیرسی زیندان و بیری
سەراپا سیا بەخت وەک قیری
لەناو سوپای غەم بۆچ وا ئەسیری
دە سەر هەڵبڕە هەی بەخت خەوتوو
سەیری دونیا کە چۆن هات و چۆن چوو
بە خەفەت ڕۆیی هەزاران وەک توو
تۆ ئەبێ چی بکەی بۆچ وا فەقیری
غەم فایدەی نییە دونیا میحنەتە
لەچل ڕۆژ ڕۆژێ ڕۆژی عوشرەتە
باقی هەر غەم و دەرد و مەینەتە
نییە دڵ شادی کەیف و سرووری
بەدەس من نییە خالیقی یەزدان
ئەو ڕۆژەی کە خۆی دونیای دامەزران
هەوێنی ئێمەی بەم جۆرە ڕژان
هەر ئەبێ وا بێ تا نەفخی سووری
ئومێد بە دەرگای ڕەحمانی ڕەحیم
لە بەحری کەرەم خودای کەریم
شاد بین بە وەسڵی جەنات و نەعیم
دانیشین لە ناو قەسر و قسووری
ئەویش زۆر دوورە لە گوێرەی عەمەڵ
ئیمان دەربەڕین لە کاتی ئەجەل
دەخیل بارەگات سەییدی مورسەل
سا خودا هەر خۆت بدەی سەبووری
لوتفیناسناوی ئەدەبی خۆت هەڵکە زۆرت نەماوە
حەیات و عومرت هاکە تەواوە
سەد کەندەڵان وەک تۆ ڕووخاوە
ئومێدی عەفووی پاشای غەفووری