ڕەببی تۆ پشت و پەنامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
لە کتێبی:
دیوانی شاهۆ
بەرهەمی:
شاهۆ (1882-1971)
2 خولەک
652 بینین
ڕەببی تۆ پشت و پەنامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
بەندە عەبدم، تۆ خوامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
شەرمساری بارەگاتم، ڕووم نییە سەر هەڵبڕم
خۆت کە بەخشندەی گونامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
موشکیلاتی دین و دنیام هەر بە لوتفت حەل دەبێ
ساحیب و موشکوڵ گوشامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
خۆت حەکیمی ئاگەداری ئێش و ئازاری منی
داروویی دەردی شیفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
ماڵ و ڕزق و عومر و دەوڵەت عیزەت و زیللەت هەموو
هەر بەدەست خۆتە نیزامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
گەر دەرم کەن بچمە کوێ؟ لای کێ سکاڵای خۆم بکم؟
مەرجەعی لاڵە و تکامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
ڕووی دڵ و ڕۆحم لە تۆیە یا ئیلاهەلعالەمین
ڕەببی خۆت مەعبوودی عامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
بەندە هیوام گەر بە ڕەحمت بێ لەکەس باکم نییە
لابەری جەور و جەفامی مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
عەبدی زاتی پاکی خۆتە ڕەببی شاهۆ ی لانەواز
باعیسی خۆشی و سەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
بەندە هیوام گەر بە ڕەحمەت بێ لە کەس باکم نییە
لابەری جەور و جەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ
عەبدی زاتی پاکی خۆتە ڕەببی شاهۆی لانەواز
باعیسی خۆشی و سەفامی، مەرحەمەت کە ڕەحمەتێ