ئەی قەڵای شیروانە نەشئەی پارس جارانت هەیە

بۆ قەڵای شیروانە
لە کتێبی:
دیوانی مینە جاف
بەرهەمی:
مینە جاف (1911-1965)
 1 خولەک  624 بینین
ئەی قەڵای شیروانە نەشئەی پارس جارانت هەیە
مەنزەرەی سەیر و تەماشای تاجدارانت هەیە
بەم کراسی سەوز و زەرد و شینە وا کردووتە بەر
گەر لە ڕێی حەق لانەدەین جیێ شەهریارانت هەیە
گردەکەت ڕازانەوە دیسان وەکوو باغچەی بەهەشت
وا دیارە مەیلی وەسڵی گوڵعوزارانت هەیە
بەرق ئەدا سیروان لە بەر پێتا لە جەبهەی خۆرهەڵات
بەینی بین اللە ئەڵیێ زەوق و سەفای لوبنان و تارانت هەیە
قیژەیی قوڵنگە چریکەی پۆڕە زیڕەی باڵەبان
قەهقەهەی کۆترە سەدای شاهینە سەیرانت هەیە
دەشتەکەت ڕەنگین بووە ڕەنگ ڕەنگ بنەوشە ئاڵ و شین
زەرد و سوور و سەوز و مۆرچن لالەزارانت هەیە