نووسی حەرفییەن کە زلفی ماچی ڕوومەتیە حەڵاڵ

لە کتێبی:
دیوانی حەمدی
بەرهەمی:
حەمدی (1876-1936)
 1 خولەک  520 بینین
نووسی حەرفییەن کە زلفی ماچی ڕوومەتیە حەڵاڵ
بێ بەڵا بێ خاڵی نوقتەی کرد ئەوا بۆتە جەلال
تۆ لە خەیمەی نازی لەیلادا بەمن وادەی نشین
ئەم مەقاماتە کە ئەمڕۆ کردوویانە ئینحیلال
مەهـ ئەگەر مەیلی نەزیرەی ڕوومەت و ئەبرۆت نییە
ئەم کەماڵ و نەقسە بۆ چی یا بەدر بی یا هیلال
من لە ڕیسوایانی عەشقم بانگی بێ پەردەم ئەدەم
ئاشکرا بانگی موحەممەد خۆشە گەر بیدا بیلال
بەرقی ڕوخسارت لە مەوجی بەحری نەشئەی بادەدا
وەک فەوارەی ڕۆژە هەڵڕێژێ کە ئاوێکی زوڵاڵ
حیکمەتە تووتی لەبەر ئاوێنە فێری نوتق دەبێ
من بە سەیری ڕوومەتی تۆ گێژ دەبم بێ نوتق و لاڵ
پێکەنینێکم لە لێوی تێگەیشتوویێ نەدی
ڕەهبەری ئیدراک و فەهمە جیلوەیی حوزن و مەلال
حەمدیناسناوی ئەدەبی تەشویشی خەیاڵی غەمزەدەی هیجران دەکەن
بانگی یا شێخی مورید و جاڕی کەردانی دەڵاڵ