کوردستانی خۆش نیشتمانی جوان

کوردستان
لە کتێبی:
دیوانی دڵدار
بەرهەمی:
دڵدار (1918-1948)
 1 خولەک  5381 بینین
کوردستانی خۆش، نیشتمانی جوان
تۆ قیبلەگاهی منی بێ گومان
چاوم پشکووتووی شاخەکانتە
فێری ژیانی باخەکانتە
دەنگی شمشاڵی شوانەکانت
زریق و باقی جوانەکانت
قاسپەی کەوانی قەد کێوەکانت
خوڕەی ئاوەکەی نشێوەکانت
ئەمانە هەمووی گوێیان کردمەوە
هەوێنی شیعری دڵیان گرتمەوە
نەونەمامێ بووم لەم خاکە ڕووام
بە خۆشەویستیی وڵات ئاو درام
بەڵێ کوردستان تۆ منت خولقان
تۆ منت خولقان پێت بەخشیم ژیان
خۆشیی ژیانم، خۆشیی ژینتە
ئێشی ژینی من، ڕۆژی شینتە
چونکە کوردستان، نیشتمانی جوان
تۆ قیبلەگاهی دڵی بێ گومان