هەستم

لە کتێبی:
گوڵ ئەستێرە
بەرهەمی:
کامەران موکری (1929-1986)
 1 خولەک  821 بینین
لەسەر لێوم زەردەخەنەی گەش و جوان
خوای دڵخۆشیی ڕایئەژەنێ بە نەرمی
بۆیە دڵم قەت مل نانێ بۆ گریان
پێئەکەنێ بەجۆش و کوڵ بەگەرمی
***
لەناو گوڵا بریسکەی نەختێ ئاورنگ
ئەبێ بە هۆی دڵخۆشی و کامەرانیم
دیمەنی جوان بریسک و هووڕی گزنگ
بۆم دەرئەخەن کە من چەند شەیدای جوانیم
***
تا بارانی خەمی ژینم بەتاو بێ
بزەی دەمم وەکوو پەلکەزێڕینە
دەرئەکەوێ و قیبلەم ئەبێ هەتاو بێ
نائومێدیی تیری زەهراوی ژینە