کوردستان بەهەشتە

لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 1 خولەک  967 بینین
زستان ڕۆیی سەرما نەما
دەرچووین لەناو مژ و تەما
سەری کوێستان خاڵ بەڵەکە
جێژنی مامڕێوی و دەڵەکە
قاو و قیژە لەو بڵندە
بەکۆمەڵ دەفڕن باڵندە
بەبێ وچان، بەبێ وەستان
گشتیان دێنەوە کوردستان
پرسیمان لە قوڵینگ و قازان
هۆی لالۆی گەڕیدەی چازان
ئێوە زەوی زۆر گەڕاون
لە زۆر جێگادا زۆر ماون
لە هەوار و شار و دێیان
کوێ خۆشترە لەگشت جێیان؟
پێیان گوتین کەسی خاڵان
شەکەت بووین لە لاق و باڵان
جیهانمان گشت پشکنیوە
وەک کوردستانمان نەدیوە
جێ نین خۆشتر لە نیشتمان
کوردستانە بەهەشتمان