خەندەی ئەسرین
لە کتێبی:
کاروانی یار
بەرهەمی:
جەلال مەدحەت خۆشناو (1934-1998)
1 خولەک
824 بینین
ئەرێ توخوا ئەگەر چیدی پیاڵەی مەی بڕێژی
بزەی گەش ڕوو لە سەر ڕۆخ جامی یاقووتت بنێژی
ئەگەر چیدی خوناوی زاری نەسرینی پەرۆشت
بە ناز بشوا گۆنای ڕوومەت گوڵی کۆرپەی لە کۆشت
ئەگەر چیدی شەڕابی تاڵی دڵداریم بنۆشی
بە هەوری هەر شەبەق نوو ڕۆژی بەختیاریم بپۆشی
بە دوای ڕەش، دە بەس بدروورەوە شەو ڕۆژ لە یەکتر
لە پەرداخی دەمی نەرگز، بەسە چەشتن کوتوپڕ
لە نۆشین بادە ترساوم نەوەک خەست بێ ئەزیزم
بە داخی کوڵ، دڵت مەست بێ، دڵم پەست بێ ئەزیزم
دە پڕ پەرداخی مەینەت فڕێ دە و وردوخاش کە
لە جێی شاباش کە خەندە و تەماشای ڕۆژی پاش کە
دەبا شووشەی خەفەتباری ناسک دڵ ببێ هەپڕوون
دە سەیری ڕۆژهەڵاتن کە لەڕووی گەنجینەیی گەردوون