چەند گۆرانییەک بۆ یەک سەرەتا

لە کتێبی:
دیوانی جەمیل ڕەنجبەر
بەرهەمی:
جەمیل ڕەنجبەر (1949-1980)
 1 خولەک  869 بینین
(وەڵامی چەند پارچە شیعرێکی شاعیر لەتیف هەڵمەت کەبەناوی « سەرەتایەک بۆ یەک گۆرانی»لەیەکێ لەژمارەکانی گۆڤاری ڕۆژی کوردستان بڵاو کرایەوە)
-١-
پێکەنین
ئێمە لە چەرخێکدا دەژین
خەم: گریان و خوێن ڕشتنە
خەساندنی ڕاپەڕینە..
ئەم سەدەیە..
سەدەی سووتانی خەرمانی داگیرکەرە
سەدەی زامی چەوسێنەرە
سەدەی نانە
نەدۆندرمە، نەئەسپرین
بۆ برسێتی هەژارەکان
نابن بە کولێرە و هەنگوین
لەچ دەرمانگەی ئەم سەدە
دەرمانی پێکەنین دەبێ
هەڵبەت، شۆڕش
میللەتی پێ ڕزگار دەبێ
 
-٢-
ڕۆژنامە
ڕۆژنامەکان..
ناتان خەمە، تەرازووی شایانی ڕەخنە
نەهەژارن
نەبوێرن
نەوەک ئێمە دڵتان لە زاما کون کونە
تا بڵێ ین: ئەی ڕۆژنامەکان
نەتان وێرا.. بڵێن شای شار، دڕندەیە
بەرگی بەری..
ئارەقە و قینی ئەم گەلەی پێوە دیارە
بۆ سبەینێ خۆی ناگرێ
لەبەر لافاوی ئەم ڕقە کوشندەیە