وەڵامی ئاوات بۆ ئاشتی

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  600 بینین
هۆنەری زانا و بەڕێزم! یادی تۆ یاری منە
گەرچی وێنە جوانەکەت ئێستا، لە بەرچاوم ونە
وا پەرێشان و هەراسانم، بە مەرگی تۆ سەلاحکەسسەلاحەددین ئاشتی!
با بزانی مەرگی من گیانە لە تۆ دوورکەوتنە
تۆ کە نووسیوتە ئەوا لێرە بەهارە و خۆشییە
بای شەماڵ دەشنێ لە مەڵبەندی هەڵاڵە و سوێسنە
هەروەکوو فەرمووتە دیارە شین بووە سەحرا لەوێ
ڕۆژی سەیرانە و پیاسە، کاتی گوڵ پشکووتنە
شاد و خۆشحاڵم کە موژدەی خاکەلێوەت دا بە من
بەو هەواڵە بولبولی تەبعم ئەوا کەوتە قنە
بۆچی ناشوکری نەبێ، لێرە هەوا سارد و سڕە
بای شەماڵ ساردە، کوژەی منداڵ و سەد پیاو و ژنە
زوو، کە من ئاورم بەتین بوو، عالەمی سووتاندبوو
ئێستە ئاگردانەکەم هێند ساردە جێی لێ نووستنە
تا تەنوورم گەرموگوڕ بوو، نانی گەرمم هەر نەدی
ئەو ئەوا دامردووە، خۆشم ئەوا بوومە پنە
کاکی «ئاوات»ە لە سەرمان هەڵدەلەرزێت و دەڵێ:
بۆچی خۆری گەرمی گەل هەروا لە سووچ و قوژبنە؟