دەلال

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 2 خولەک  561 بینین
شۆڕشگێڕی کورد دەلالی ناودار
کچێکی مەردی کوردی بەرخوردار
تێکۆشەرێک بوو لە خاکی ترکەش
لە سێدارە درا لە ژین بوو بێ بەش
هەڵیان ئاوسی بە کەزیەکانی
قوربانی گەل بوو ماوە نیشانی
خنکا بە زولف و کەزیەکەی خاوی
بۆ گەل ناسینی دەلالە ناوی
خنکا شۆڕشگێڕ کچی ناو دەلال
گەل یادی دەکا لە مێژوو بەساڵ
بە کەزیەکانی وەک ئاوریشمی خاو
گیانیدا یەزدان دلێری بە ناو
بەڵام نامرێ ناوی هەرماوە
ئەوی بشمینێ باقی هەر ناوە
لە ژێر چاودێری پیتۆری دەرسیم
نوری دانەر بوو لە مێژوو پرسیم
ئەو ئاودارانە بەرز و گرانن
لە مێژووی کوردان خاوەن نیشانن
پیتۆری گەورەش لە بەندیخانە
گیانی دا یەزدان خاوەن نیشانە
لە ڕێی دانانی کورد و کوردستان
بۆ خنکاندنی بە گورجی هەستان
دەلال و نوری خۆبە و جاخی رۆن
لەناو کوردستان خاوەن خاک و تۆن
بۆیێ هەزاران لە لاوانی کورد
لەڕێی هەزاران لە لاوانی کورد
. . . . . . . . . .دەقی نائاشکرا
لە ڕێی نیشتمان لە بەندیدا مرد
لە دەنگی دەلال هەستاون لە خەو
قوربانی دەدەن بە ڕۆژ و بە شەو
لە ڕێگای گەل و کوردوستانی خۆش
خەیاڵی خاوە دوژمنی بێ هۆش
لە ڕێی فاتیمە و دەلال و نوری
خوێنی دەرژێنن بەبێ قسوری
وەکو خانزاد و شایە قەدەم خێر
قازی پێشەوا شێری بەچکەی شێر
هەروەک شای بابان وەک پاشای کورە
شاهی ڕابردی چەند بڵێی زۆرە
بڕۆ بپرسە لە کوردی تۆران
فاتیمەی دلێر بۆ دەور گۆران
چ کاری دەکرد لەبۆ قەومی خۆی
بۆ نیشتمانی حوڕ و سەربەخۆی
دوژمن هەر دەمرێ لە سامی کوردان
ڕێی لێ گیراوە ماوە سەرگەردان