شینی مستەفا مەزهەر

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  1074 بینین
دەک فەلەک چەرخت شکێ گشت کردەوەت خونخوارییە
بۆ چی تەبعت وا هەمیشە مائیلی غەددارییە
ڕۆژ نییە ئەم خەڵقە تووشی شین و واوەیلا نەکەی
شەو نییە عالەم ڕەحەت بێ، هەر لە گرییە و زارییە
شەربەتت زەهرە، ژیانت قەهرە، لوتفت هەر شەڕە
بەزم و ڕەزمت شیوەنە، کەیف و سەفات غەمبارییە
گەر بەدووچاوی عەقڵ سەیرت بکەین جا تێ ئەگەین
دڵ بەتۆ بەستن خەتایە و عیللەتی بێ عارییە
«مستەفا مەزهەر»ناوی تایبەت کە دوێنێ ڕەهبەری ئەم خەڵکە بوو
کۆچی کرد داخی بەجەرگم کۆچەکەی ئێجگارییە
ئاخ چ دەردێکی گرانە بۆ گەلی کوردی هەژار
قەت بەدەم ناکرێ بەیانی هێندە سەختی و کارییە
هەر کەسێ ڕۆژێ ئەوی دیبێ دەروونی لەت لەتە
پەست و داماوە لە داخا، خوێن لە چاوی جارییە
ساڵی تەئریخی وەفاتی وا بەناوی هاتە دەر
«مستەفا مەزهەر»ناوی تایبەت غەریقی ڕەحم و لوتفی بارییە