ئامۆژگاری بۆ میللەت

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  2582 بینین
کوردە تا کەی بێ خەبەر بی؟ نوستنت بێ عارییە
واسیتەی دواکەوتنت ئەمڕۆکە هەر بێ کارییە
سەیری ئەم قەومانە کە چۆن بوون و ئێستا بوون بەچی
حەیفە بۆ تۆ وا ئەسیری بوویتە عەبد و جاریە
ئیتفاقێ گەر نەکەی، لەم جەهلە خۆت ڕزگار نەکەی
پاشەڕۆژت قەڵبە بەخوا، عەیش و نۆشت زارییە
مەرهەم و دەرمانی دەردت ئیتفاقە ئیتفاق
دوو دڵی مێقرۆبە، خزمە، عیللەتێکی کارییە
نیوەڕۆیە هەستە ئیتر بەرگی سستی داکەنە
زوڵمەتی شەو وا بەسەرچوو وەعدەیی هۆشیارییە
ڕێی نەزانی بەر بدە و ڕێگەی مەعاریف بگرەبەر
نیشتمانت زۆر کەساسە و، ژینی هەر غەمبارییە
بێکەساناسناوی ئەدەبی قەتعی ئومێدی سەربەخۆیی قەت نەکەی
کوردەواری زیندووە، موحتاجی لوتفی بارییە