سروودی ئاشتی

بۆ فستیوالی لاوان لە مۆسکۆ
لە کتێبی:
بۆ کوردستان
بەرهەمی:
هەژار (1921-1991)
 2 خولەک  2892 بینین
ساڵی ٥٧ لە سووریاش وەک جێگەکانی تر لاوان خۆیان ساز دەکرد بۆ بەشداربوون لە فستیوالی لاوان لە مۆسکۆ. لەسەر داخوازی چەند برادەرێکی کورد، سروودی لاوانی جیهانیم بە کوردی نووسی:
ئاشتی خوازان جەوانی مەرد و گورد، مەرد و گورد، مەرد و گورد، مەرد و گورد
باوی چەکداری شەڕانی کەوت و مرد، کەوت و مرد، کەوت و مرد
ئێستە هەمووی مە بە عالەم ئەدەین گش دڵخوا
بەدفەڕی پیس نەعرەتەی مە هێزی برد هێزی برد هێزی برد
١
لاوی هەردی گش بران ڕۆژ و شەو هەر خەریکی خەبات
ئاشتی خوازان وەک چران تیشکی وان بەختی ڕەش ون دەکات
وێکڕا گەلانی جیهانی دەیڵێ بە گیان و زمانی:
چینی جەوانت، هیمی جیهانین خۆشی دەکەین دنیا
٢
چەکفرۆشی پارەدار، هەوڵ ئەدەن هەڵ ئەکەن توونی شەڕ
خەڵکی دنیا بوون شیار، ناچنە شەڕ بۆ خودای فێڵ و گەڕ
لاوین بناغەی جیهانت، جێگەی نیازی گەلانت
خۆشیی زەمانت، مایەی ژیانت، پڕ ئارەزوو و هەویا
٣
لاوی ئازای کورد زمان وەک پڵنگ ڕۆژی جەنگی وڵات
ناوی دەرکرد بێگومان زاگرۆس پێو دەڵێ و ئارەرات
ئێمە دەنێژین نەیاران خۆشی دەدەینە هەژاران
گش پاڵەوانت، شێری ژیانین لە دوژمنان وریا