هونەر ئەوەیە بەدت خۆش بوێ

لە کتێبی:
پەندەکانی پیرەمێرد
بەرهەمی:
پیرەمێرد (1867-1950)
 1 خولەک  939 بینین
هونەر ئەوەیە بەدت خۆش بوێ
خۆشەویستی چاک بەر تۆ ناکەوێ
خوا چاوی بەدبین کوێر کا بە تەواو
هونەری کەسی نایەتە بەرچاو
تا لە دنیا دای موحتاجی ماڵی
بێ ماڵ لای عەوام، وەک بێ کەماڵی
بیشزانی پاش خۆت دوژمنت ئەیبا
تۆ کۆی کەرەوە ماڵ مەدە بە با
بەڵام ستەمە ماڵ لەگەڵ کەماڵ
تۆ مەکەوەرە دووی ئەمری مەحاڵ
ئەگەر ئەتەوێ کە دەوڵەمەند بی
ئەبێ بە کردە عەوام پەسەند بی
خوا نەوعێ دەوڵەت ئەدا بە نادان
سەد پیاوی دانای تیا دەبێ حەیران
بۆ هەندێ کەرەم ئەبێ بە دۆستی
هەندێ بە پاروو دەمی ئەبەستی
ئەگەر بە کەرەم دڵیش ڕانەگری
وامەکە خەڵکی لە قسەت بگری
خەڵکی لە قسەی ڕەقت سەخڵەتە
گەر زوبان بێڵێ سەرت ڕەحەتە
هەموو کەسێ خۆی بە پیاو ئەزانێ
خەڵکی مەشکێنە بۆ پارووە نانێ