کابرایەکی خۆشناو ئەچێت بۆ ئەو گەرمیانە بۆ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٧)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 3 خولەک  431 بینین

کابرایەکی خۆشناو ئەچێت بۆ ئەو گەرمیانە بۆ هەنار فرۆشتن، لە گوندەکە ئەچێتە بەرماڵی ماڵێک، بارەکەی دائەگرێت و لە هەیوانەکە بارەکە دائەنێت، گوێدرێژەکەش هەر لەوێ ئەبەستێتەوە، ئەمجا لەولاوە دەست ئەکا بە بانگەوازکردن: هەی هەنار سەربەسەر بە گەنم، وەرن دەنا دەڕۆم. ژنی ماڵەکە چەند دانەیەک هەنار ئەدزێت، کابرا چاوی لێ ئەبێت، بەڵام دەنگ ناکات. ئەگێڕێتەوە بۆ لای هەنارەکان، لەو کاتەدا کەرەکەی دەست ئەکا بە لووشکە.

کابرا ئەڵێ چەندم پێ گوتی ئەگەر چووینە ماڵی خەڵک، دەنگ مەکە و مەیەرە قسە، قەیدی چییە هەناری بردووە، بردوویە ئیتر ئەم چەنەبازییە چییە؟ ژنەی خانە خۆی ئەمەی زۆر بە لاوە سەیر ئەبێ!

کابرای هەنارفرۆش ئەچێتەوە بەلاوە دەست ئەکاتەوە بە بانگەوازکردن، چاوی لێ ئەبێ ژنە هەنارەکان ئەهێنێتەوە لە جێگای خۆی دایانەنێتەوە، دیسان کابرا دێتەوە بەلای هەنارەکانەوە، کەرەی بەستەزمان لە برسانا دەست ئەکاتەوە بە لووشکەلووشککردن، کە چاوی بە خاوەنەکەی ئەکەوێتەوە، کابراش ئەڵێ: وەڵڵا سەگبابخێو ئاخری تۆ حەیام ئەبەی! دە هێنایەوە و هێنایەوە، ئیتر با ببڕێتەوە. ژنە هەر زۆر زۆر بە لایەوە سەیر ئەبێت! ئێوارە مێردەکەی لە ئیش ئەگەڕێتەوە، هەموو کارەساتەکەی بۆ ئەگێڕێتەوە، کە ئەو کەرە شتی وای کردووە و خاوەنەکەشی شتی وای وتووە!

ئەمجا مێردی دێت بەلای کابرای هەنارفرۆشەوە، پێی ئەڵێ ئەرێ برام! ئەوە ئەو کەرەت چۆن فێری ئەو گفتولفتە بووە کە وا شتت بۆ بگێڕێتەوە؟ کابراش ئەڵێ: برا ئەوە لە ڕاستیدا کەر نییە، ئەوە ژنمە، کە ئەچم بۆ کاروان، دۆعایەک هەیە ئەیخوێنم بە سەریا ئەبێ بە کەر، بار و شتی لێ بار ئەنێم، کە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە ئەبێتەوە بە ژن!

کابرای خانەخوێ ئەڵێ: دەسا بە قوربانت بم، من پیاوێکی هەژارم، هیچ باربەر و شتم نییە، دۆعایەکی واش بەسەر ژنەکەی منا بخوێنە بەڵکوو ئەویش وای لێ بێت، کە چووم بۆ ئیش و بار، شتی لێ بنێم و تۆزێ ئەرکم سووک ببێ، کابراش ئەڵێ: باشە، لەبەر ئەوە خزمەتتان زۆر کردووم ئەو ئیشەتان لەگەڵ ئەکەم، بچۆ بیهێنە من چیت پێ ئەڵێم وا بکە. ئەڵێ بیهێنە بیچەمێنەرەوە، سەری بگرە و چاو بنووقێنە ئیتر کارت نەبێ.

کابرا ژنە دێنێت ئەیچەمێنێتەوە، سەری ئەگرێ و خۆیشی چاو ئەنووقێنێ، کابرای هەنارفرۆش لە دواوە دەرپێی ژنە دائەکەنێ و تێی بەرئەبێ! لەو کاتەدا کابرا تۆزێ چاو بەرز ئەکاتەوە سەیر ئەکا ئەم کابرایە بەر بووەتە ژنەکەی، هاواری لێ بەرز ئەبێتەوە، ئەڵێ سەگباب ئەوە چی ئەکەی؟ کابرا کە ئەزانێ ئیشەکەی شڕە لە ترسانا بە نیوە و نیوەچڵی دەری ئەهێنێتەوە! ژنە هەر بەو جۆرە ڕوو ئەکاتە مێردەکەی و ئەڵێ: چیت کرد؟ زۆری نەمابوو گوێم درێژ بێ، گوێم قوت ببوو، سمم خڕ ببوو، هەر ئەوەندەی مابوو بانگم بکەی بڵێی کوڕو، کوڕو، چوش، چوش، بمبەی بۆ ئاشیوشو، وشو، چوشو، چوشو!