حافزەکانی سولەیمانی جاران کە لە مزگەوتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٦)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  662 بینین

حافزەکانی سولەیمانی جاران، کە لە مزگەوتی گەورە کۆ ئەبوونەوە کۆڕی سەیر سەیریان ئەگێڕا، ئەوانیش لە نێوانی خۆیانا مامۆستا و سوختەیان هەبوو.

لە ناو ئەوانەدا مەلا حەسەنێکی بانەیی هەبوو، ڕۆژێک لە گەڵ مەلا برایمێکی تەویڵەییدا ئەبێ بە شەڕیان. مەلا برایم بە هێزتر ئەبی مەلا حەسەن ئەنێتە ژێر، مەلا حەسەن لە ژێرەوە گوونی مەلا برایمی بەر دەست ئەکەوێ و ئەیگرێ، بەڕاستی بێهێزی ئەکا و باقە باقی پێ ئەخا لەو کاتەدا سوختەیەکی مەلا حەسەن ئەبێ خولەی ناو ئەبێ. ئەچێ بەسەر شەڕەکەدا و ئەیش هەر چاوی نابینێ بانگ ئەکا لە مەلا حەسەن، مامۆستای ئەڵێ: بەڵێ. ئەڵێ: مامۆستا! لە سەرەوە یا لە ژێرەوەی؟ حەسەنیش ئەڵی: ڕۆڵە! هەر چەندە لە ژێرەوەم، بەڵام وەکوو لە سەرەوە بم وامە.