بۆ ئاغەم

لە کتێبی:
قەڵای ڕاز
بەرهەمی:
ژیلا حسەینی (1964-1996)
 1 خولەک  697 بینین
هێند دڵداریی بۆرانت کرد
تا ڕەشەبا، قژتی کرد بە شاڵگەردنی سەر شاخەکان
هێند دڵداریی ڕووبارت کرد
شەپۆل لە چاوتا ماڵی کرد
هێند عاشقی ئەو شاخە بووی
بەرد بە بەردیت دووری بەسەر سوخمەکەما
کانییەکانت گۆستەوە نێو کاسەسەرت
هەرچی کەوە لەنێو سەرتا قاسپەیان دێ
چی کەروێشکە لەناو سەرتا خەو ئەبینن
هێند لەبەر چاوی خۆرەتاو
سەر و پەلکەی ئەوینی خۆتت داهێنا
تا بوو بە تاجی سەر سەرت