گەشەی ئەوین

لە کتێبی:
گەشەی ئەوین
بەرهەمی:
ژیلا حسەینی (1964-1996)
 1 خولەک  887 بینین
لە خۆرەتاوی گەش وایە
دڵی ئاسمان بەتەمایە...
لەبەر ئەوە بەربەیانان
کە پێڵووی چاوی هەڵدێنێ
بەرەو ئامێزی شەو گرتووی ئاسمان ئەفڕێ،
گەورە ئەبێ و
باڵا ئەکات
بەربەڕۆژەی عاشق بەتاو
چاوی بڕیوەتە هەتاو
بە چوار دەوریا سەما ئەکات.
کێو سەربەرزی هەڵۆکانە
بۆیە لەبەر با و بۆراندا چۆک دانادات.
ئەی خۆرەتاو، زەریا، کەژان
لەو کاتەوە دڵم ئەوینی ناسیون
چاوی هیوای تێ بڕیون
بۆ لاتان دێ و هاوار ئەکات
چۆک بۆ خەفەت دانادات و
هەڵۆکانی لە خۆی ناکات.