ئەی یاری عەزیزم مەبە غافڵ لە زەمانە

لە کتێبی:
دیوانی عارف عورفی
بەرهەمی:
عارف عورفی (1896-1961)
 1 خولەک  584 بینین
ئەی یاری عەزیزم مەبە غافڵ لە زەمانە
مەعلوومە زەمانە گەلێ بێ عەهد و ئەمانە
دائیم لە زەمان بێ خەبەر و مەستی غرووری
لات وایە هەتا ئاخری هەر وایە زەمانە
هەر ڕۆژە لە بەزمێکی لەگەڵ جەمعی حەریفان
پا بەندی خەیاڵی مەی و نەی، چەنگ و چەنانە
با تەختی سلێمانت ببێت و یەدی بەیزا
مەغروور مەبە چون عاقیبەتی کارت نەمانە
مەشغوڵی لەهو و لەعبی و ناکاو لەپڕێکا
دەستی ئەجەلە بۆت ئەگەڕێ خانە بە خانە
نامەردە بە نامەردی زەمانەت نەبێ باوەڕ
ئەعماڵی درۆ لوتفی درۆ نەفعی زیانە
گەردوون کە ئەگەر دوون نەبێ ئەعماڵی لەبەرچی
هەر ڕۆژە لەگەڵ قوڕبەسەرێ بگرێ بەهانە
چاوت لە خودا بێ و کەرەمی نەک لە عیبادەت
با شێخی تەریقەت بێ وەگەر قوتبی زەمانە
گوێ بگرە برام مەیکە بە گاڵتە و گەپی منداڵ
پیرانەیە پەندم بە پڕوپووچی مەزانە