«ئینجیلی موقەدەس» لە ڤەژینبوکسدا دانرا

پەڕەی پەیوەندیدار
2023/07/05 2971 بینین

ئەم وەرگێڕانەی «ئینجیلی موقەدەس» لەلایەن «لودڤیگ فاسوم» (١٨٧٩-١٩٢٠، Ludvig Olsen Fossum) لە کۆنترین وەرگێڕانەکانە کە بۆ کوردیی ناوەندی کراوە. هەر چوار ئینجیلە باوەڕپێکراوەکەی «مەتا و مەرقوس و لوقا و یوحەننا» لە خۆ دەگرێت. لەسەر ڕووبەرگەکەی بەم شێوەیە نووسراوە: «ئینجیلی موقەدسی ڕەب و خڵاسکەری مە یەسووع مەسیح کە لە زمانی ئەسڵی یۆنانی تەرجەمە کراوە بە بەیبڵ سۆسائێتئی ئەمریکا (American Bible Society) و برتیش و فۆرن بەیبڵ سۆسائێتئی (British and Foreign Bible Society) چاپ کراوە».

فاسوم لە ١٩٠٥دا بۆ بانگەشەی مەسیحیەت نێرراوە بۆ ورمێ. دواتر لە ساڵانی ١٩١١ بۆ ١٩١٦ گوازراوەتەوە بۆ سابڵاغ (مەهاباد) لەوێ کوردی فێر بووە. «میرزا ڕەحمانی حاجی نەورۆز» لە وەرگێڕانی ئینجیلدا یارمەتیی داوە و لە ١٩١٩ لە ئەمریکادا ئینجیلی کوردی و ڕێزمانێکی کوردیی چاپ کردووە.

ئەم ئینجیلە کە بە زمانی سەدەیەک لەمەوبەر نووسراوە بۆ ئەو زمانەوانانەی کە توێژینەوە لەسەر مێژووی زمانی کوردی و گۆڕانکارییەکانی دەکەن سەرچاوەیەکی زۆر گرنگە. ئەگەرچی لە ڤەژینبوکسدا ڕێنووسەکەی نوێ کراوەتەوە بەڵام خاڵێکی بەرچاو لە ڕێنووسی چاپە کۆنەکەیدا ئەوەیە کە جیاوازیی «ل/ڵ» هەر بەم شێوەیەی ئێستا دیاری کراوە.