ئەو پەرچەم و ئەگریجە هەموو دوژمنی دینە

لە کتێبی:
دیوانی سافی هیرانی
بەرهەمی:
سافی هیرانی (1873-1942)
 1 خولەک  5599 بینین
ئەو پەرچەم و ئەگریجە هەموو دوژمنی دینە
ئەو زولف و ڕووە ئافەتی سەر ڕوویی زەمینە
عەشقت لە دڵم سابتە، نەک عارزە قوربان
وەک توڕڕەیی شاهان کە لەسەر ڕوویی نگینە
عالەم چ دەزانێ کە ئەمن کوشتەیی کێمە
لەو تیری موژەت زاهیرە دائیم کە بە خوێنە
بێعارە دڵم چەندی جەفای دەی هەقە، ئەمما
جێی ڕەحمە گوڵم چونکی ڕەقیب وا لە کەمینە
دڵ بوویتە کەباب بۆ مەزەیی دیدەیی مەستت
قوربان لەوە مەعلوومە کە لێوت نمەکینە
جانا وەرە وا غەرقەیی تۆفانی سوروشکم
بێ نووحی وەفات نابێ نەجاتم بە سەفینە
سافیناسناوی ئەدەبی کە لە خاکی دەری تۆ دوورە بە قوربان
سەگ مەرگی نەبێ، هێندە چلۆن قابیلی ژینە