زریکەی ژن

لە کتێبی:
نسێ
بەرهەمی:
شێرکۆ بێکەس (1940-2013)
 1 خولەک  294 بینین
بەفر لەخۆڕا و هەر بۆخۆ سپی نییە!
ئەوە فرمێسکی تەنیاییی یەزدانێکە
لەتاو نامۆیی ئەیبەستێ
ڕووبار لەخۆڕا و هەر بۆخۆ هاژە ناکا!
ئەوە گریانی عەشقێکە سەفەر ئەکا و
دوور دوور ئەڕوا و سەرچاوەی یار بەجێ دێڵێ
«با»یش لەخۆڕا و هەر بەبێ هۆ نازریکێنێ
ئەوە ژنێکی ترساوی قژ ژاکاوی ڕۆژهەڵاتە
پیاوێ لە شێوەی چەقۆدا
دوای کەوتووە و
ڕاوی ئەنێ!